برایه‌كم كاندیدی په‌رله‌مانه. تكایه ئه‌مه وه‌ك بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌رمه‌گره. من خۆم له فهیسبووكهوه زانیم خۆی كاندید كردوه، ئه‌مه زۆر شت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیمان ده‌ڵێت، به‌س جارێ كاتی باسكردنیان نه‌هاتووه. دوای بینینی پۆسته‌ره‌كه‌ی پرسیارێكم لا دروست بوو: ‘ئایا ئه‌گه‌ر له كوردستان بومایه ده‌نگم به ‘كێ’ ده‌دا؟’ ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌نده‌ی بۆنی خزمایه‌تی لێدێت ئه‌وه‌نده سه‌روكاری نییه له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و هه‌ڵبژاردن. من ئه‌بوایه پرسیارێكی جیاوازم بكردایه: ‘من ده‌نگم به ‘چ’ لایه‌نێك ده‌دا؟’ له نێوان ئه‌م دوو پرسیاره‌دا به‌راوردێكی جه‌وهه‌ری هه‌یه له‌نێوان ‘كێ’ و ‘چی’دا. كێ په‌یوه‌ندی به كه‌سایه‌تی و ده‌موچاوه‌وه هه‌یه، چی په‌یوه‌ندی به به‌رنامه‌ی كار و ئه‌جێنداوه هه‌یه. من لاموایه به‌شێكی زۆری سیاسه‌تی كوردی سه‌رقاڵی كێشانی وێنه‌ی كه‌سه‌كانه، نه‌ك داڕشتنی به‌رنامه‌ی كار. كه‌سه‌كان پێش پلانه‌كان ده‌كه‌ون. ده‌مووچاوه‌كان پێش ئهجێنداكان.
جیاوازی نێوان كێ و چی خاڵێكی جیاكهرهوهشه له‌نێوان مێنتاڵتی كاركردن و شێوازی به‌ڕێوه‌بردن له نێوان كۆمه‌ڵگاكانی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا. له خۆرهه‌ڵات، كاركردن ئاراسته‌یه‌كی كه‌سیی هه‌یه، یان كه‌س-ئاراسته‌كراوه. له‌م شێوازه‌دا، مورتاحی و خاتوخۆتری كارمه‌ند له پێش هه‌موو شتێكه‌وه دێت. ده‌زگاكان به ویست و ئاره‌زووی چه‌ن كه‌سانێك هه‌ڵده‌سورێن. ئه‌گه‌ر ڕۆژێك مودیر نه‌هات، حهدهسێك كه كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ی لێبكات، ئه‌وه تێكڕای كارتێپهڕاندن په‌كی ده‌كه‌وێت. من چه‌ندین كاتژمێری ژیانم به دیار چاوه‌ڕوانی مودیرهوه به‌فیڕۆ ڕۆشتووه وهیچ ڕونكردنهوه یان لێبوردن یان قهرهبوویهكم وه‌رنه‌گرتووه. به‌ڵگه‌یه‌كی تر بۆ سیسته‌می كه‌س-ئاراسته‌كراو پشووی زۆر و درێژن، به شێوه‌یه‌ك كه گاڵته نییه له سه‌رده‌مێكدا شیعاری ‘ڕۆژی نێوان دوو پشوو پشووه’ له‌سه‌ر زاری زۆربه‌مان بوو.
به‌پێچه‌وانه‌وه، شێوازی خۆرئاوایی كاركردن ئاراسته‌یه‌كی ئامانجداری هه‌یه، یان ئامانج-ئاراسته‌كراوه. لێره‌دا دیاریكردنی ئامانج و كاركردن بۆ گه‌شتن به‌و ئامانجانه بنه‌مان بۆ دانانی ڕێسای كار و ماف و لێپرسراویهتییهكانی كارمه‌ند. لێره كاركردنی به‌رهه‌مهێنه‌رانه ئه‌وله‌ویه‌تێكی بێ مونافیسه، ده‌بینیت خه‌ڵكێكی زۆر قاوه ده‌خۆنه‌وه، هه‌ندێك جار چه‌ند جارێك له ڕۆژێكدا. بۆنه ڕه‌سمی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كورتن. كه‌سێك له‌وه‌یه گومانی له‌سه‌ر به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی مافی كارمه‌ند لا دروست ببێت و ئه‌م شێوازه به نا عادیلانه وه‌سف بكات. ئه‌مه گومانێكی دروسته، لێره په‌ناهه‌ندان و منداڵان له‌به‌رده‌م خراپ مامه‌ڵه‌كردن و خراپ بهكارهێناندان به سه‌پاندنی كاری زۆر و پێدانی پاره‌ی كه‌م، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌تانه نایاساین و به شاراوه‌یی ڕووده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی لێره مه‌به‌ستمه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه له‌پشت شێوازی ڕێكخستنی كاركردنه‌وه هه‌یه. پوخته‌ی ئه‌م شێوازه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤه‌كان له شوێنێكدا پێكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌میان هه‌بێت، گه‌یشتن به‌و به‌رهه‌مه بنه‌مای داڕشتنی ڕێساكانه و مامه‌ڵه‌كردنی كارمه‌ندان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ڕێكده‌خات. ڕۆژێكیان كه سواری شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی به‌ری به‌یانی ئه‌بووم له نیویۆرك، گوێم لێ‌بوو كارێكارێكی پاكوخاوێنی به هاوه‌ڵێكی وت: ‘تكایه ئه‌كرێت قسه‌م له‌گه‌ڵ نه‌كه‌یت كاتێك خه‌ریكی كاركردنم.’
چۆن ئه‌بێت ئه‌گه‌ر له كوردستان كارمه‌ندێك وا به كارمه‌ندێكی تر بڵێت؟ چۆن ئه‌بێت ئه‌گه‌ر من به براكه‌م بڵێم: ‘خۆشم ئه‌وێیت، به‌س قه‌ناعه‌تم به به‌رنامه‌ی پارته سیاسیهكهت نییه.’ چۆن ئه‌بێت كێ له چی جیابكه‌ینه‌وه؟
به‌س له كۆتاییدا ئه‌وه هه‌ر ‘كێ’یه‌كه كه ‘چی’یه‌ك ئه‌كات. له‌ڕاستیدا په‌یامه‌كانی هه‌ڵبژاردن زۆر لاستیكی و تێكههڵچنراون: ئاسایش، یه‌كسانی، شه‌فافیه‌ت، هتد، تا ڕاده‌یه‌ك كه هه‌ندێك جار وای لێدێت په‌یامه‌كان زۆر له‌یه‌ك بچن، دهمووچاوهكانیش زۆر جیاواز. پارتییه‌ك و شوعییهك و یه‌كگرتوویه‌ك ده‌كرێت بانگه‌شه‌ی هه‌مان شت بكه‌ن. ئه‌وه‌ی له نێوانیان ونه میكانیزمی به‌جێهێنان و كاركردنه. ئایا تۆ دێیت باج زیاد ده‌كه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی مافی لێپرسینه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌بێت، یان تهمبهڵخانهیهك دروست ئه‌كه‌یت كه كه‌س باج نادات؟ پیاچوونه‌وه به یاسای باری كه‌سێتی ئه‌كه‌یت یان بودجه‌ی دیوه‌خانه‌كان زیاد ئه‌كه‌یت؟ چۆن گه‌شه به به‌رهه‌می ناوخۆ ئه‌ده‌یت؟ ئه‌ته‌وێت داهاتی تاكه‌كه‌س بگاته چه‌ند؟ ئه‌مانه و چه‌نده‌ها پرسیاری تر مه‌حه‌كی سیاسه‌تكردن و به‌ڕێوه‌بردنن. به‌ڵام تا چه‌ندێك ئاماده‌ین بیركردنه‌وه‌مان له ڕقی مێژوویی سیاسی و خزمایه‌تی و ده‌مووچاوه‌وه بگۆڕین بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م پرسیارانه؟ گواستنه‌وه له ‘كێ’وه بۆ ‘چی’ هه‌نگاوێكی سه‌خته. هه‌ندێك له‌وه‌یه واتێبگه‌ن ‘كێ’ له به‌ڕێوه‌بردندا ده‌بێت پێشه‌نگ بێت چونكه گرنگییه‌كی وجودیی هه‌یه. له ڕاستیدا كێیهتی مۆرڤ پێش هه‌موو كێیهتیهكی كاركردن ده‌كه‌وێت، ئه‌وه مافه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ستوور و یاسان كه ئه‌م كێهتییه دیاریده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی من لێره‌دا تیشكم خستنه‌سه‌ر كێیهتی و چییه‌تی بوون له به‌ڕێوه‌بردندا، یان له سیاسه‌تدا، چونكه سیاسه‌ت له كۆتایدا شێوازێكی به‌ڕێوه‌بردن و كاركردنه.