من هەرگیز لەوەو پێش لەگەڵ سەرۆکێکدا نەپەیڤاوم، هەربۆیەش لە کاتێکدا ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم، هەستێکی نامۆ دایگرتووم. هەرچەندە ئێمە یەکتری ناناسین، بەڵام گەلێک نزیکین لە یەکەوە چونکە بۆ ماوەی چەندەها ساڵە بڕیارەکانی تۆ لە لووتکەی دەسەڵاتدا کاریگەری هەبووە لەسەر ژیانی من. بیرت دێت لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ یاسای خۆپیشاندانت ئیمزا کرد کە چەند بڕگەیەکی پەیوەست بوو بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی بۆ ڕێگەدان بە خۆپیشاندان؟ ئەو ئیمزایەی بەڕێزت منی هێنایە سەر شەقام و وای لێکردم دەنگی خۆم بخەمە پاڵ دەنگە ناڕازییەکانی دیکە. ئەمە تەنها نمونەیەکە بۆ ئەوەی پیشانی بدەم کەوا پێگەی تۆ وەکو سەرۆک کاریگەری لەسەر هەر تاکێکی ئەو هەرێمەوە هەیە کە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە خۆمان بەڕێوەی دەبەین. من سوپاسی خەباتی بەڕێزت دەکەم، ئەگەر ڕۆژێک ژیاننامەی تۆ بنوسرێتەوە بە خۆشحاڵییەوە بە پەرۆش دەبم ناوەڕۆکەکەی بخوێنمەوە. تێکۆشانی تۆ، سەرۆک بارزانی، بە پتەوی پەیوەستە بە تێکۆشانی گەلێکەوە. جەنابت ساڵەهایە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دەتەوێت خزمەت بکەیت و ماندووبوونت مایەی پێزانینە. لەم نامەیەشدا پرسیارێکی سادەت لێ دەکەم، سەرۆک، ئایا تۆ قەت بیرت لە خانەنشینی کردووەتەوە؟
پرسیارەکەم هیچ تەنزێکی تێدا نییە. دەبینیت، لە خێزانی ئێمەدا نەنکم بۆ چەندین ساڵی ژیانی وەکو کارگوزاری قوتابخانە کاری کردبوو، کە خانەنشینیش بوو دەستی دایە فەلاحەت کردن و لە سەروەختی شەڕی ناوخۆدا --کە لایەنێکی سەرەکی ئەو حیزبە بوو تۆ بە ئێستاشەوە سەرۆکایەتی دەکەیت-- بژێوی بۆ ئێمە پەیدا دەکرد، دواتریش لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانیدا، کاتێک نەخۆشی ڕێی پێنەدا چیدیکە وەکو جاران کارا بێت، بە سەربەرزییەوە لەسەر ڕەنجی چەند ساڵەی و بە مووچەی خانەنشیینییەکەی ژیا و تا دوا سات مەنزڵێکی پڕ حیکمەت بوو بۆ هەموومان. یادی بەخێر، سەرۆک، نەنکم تاقە کوڕێکی هەبوو کە لە دووەم ڕاپەڕینی ١٩٩١ شەهید کرا. ئەمانەشت لەبەر یەک هۆکاری سادە بۆ دەگێڕمەوە: ئێمە دەکرێت بە مەزنی بمێنینەوە، بەڵام پێویست ناکات وەک هەمیشە بمێنینەوە. لێمتێدەگەیت؟ تۆ دەکرێت ناوت وەکو سەرکردەیەکی مەزن و شۆڕشگێر هەتا هەتایە بمێنێتەوە، بەڵام ڕەنگە پێویست نەکات هەموو هەوڵ و تەقەلایەک بدرێت بۆ ئەوەی وەکو سەرۆکی هەرێم بمێنیتەوە. دەبینیت سەرۆک، هەموو پێگەکان و هەموو پلە و پۆستەکان ڕۆڵگەلێکن و ئێمە پێیان هەڵدەستین. ئێمە هەموومان کەم تا زۆر ئەکتەرین، هەندێکمان بە سروشت ئەکتەرین و ئەو پیشەیەی هەمانە دەقاودەق لەگەڵ بوونماندا هاوتەبایە، هەندێکی تریشمان بە پرۆسەی خوێندندا دەڕۆین و لە بوارێکدا ڕۆڵ دەگێڕین، ئەوانی تریشمان ڕەنگە بەخت زۆر یاوەریان نەبێت. بەڵام هەروەک چۆن ئەکتەرین، دەکرێت لە بواری جیا جیادا ڕۆڵ بگێڕین، ئەکتەرە لێهاتووەکانی هونەری سینەما و شانۆش ئەوانەن کە دەتوانن ڕۆڵی جودا بگێڕن، سینەما و شانۆ و هەموو هونەرەکانی دیکەش چین مەگەر گۆشەنیگا و لێڕوانینی ناوازە نەبن لەسەر ئەوەی پێی دەڵێن واقیع و بەرجەستەکەری ئەندێشە و خەیاڵ و خولیای مرۆڤ و بوونەوەرانی دیکە نەبن؟
من ئەمێستاکە لە وڵاتێکی بیانی دەژیم، پەنابەرم، دەستم لە پاسپۆرتی ئێراقی هەڵگرتووە و بەلایەنی کەمەوە لەگەڵ خۆمدا ئەوەم یەکلا کردووەتەوە کە حوکمڕانیی ئەو هەرێمە و ئەو وڵاتە توانای پاراستنی منی نییە وەکو تاکێک کە تێڕامانی سیاسی و ئاینیم تەبا نییە لەگەڵ ئەو ڕێچکە باوەی سیاسەت و ئاینی پێ پراکتیزە دەکرێت. لە هەمان کاتیشدا دڵنیام کە چەندەها شت من بەو هەرێمەوە دەبەستێتەوە. زمانی شیرینی کوردی، تێکۆشانمان بۆ ئازادی، نان و ماستی کوردی، سروشتی شاخاوی کوردستان و جۆگە ئاوییەکان و لەوەشە لە هەمووی زیاتر، پێزانینم بێت بۆ مێژووی گەلێک کە هەردەم ویستوویەتی لە جیهانێکی ئاڵۆزدا بە سەربەخۆیی بژی (سەرەڕای هەموو تێبینییەکانم لەسەر چۆنێتی شان دانە بەر ئەم کارە کە گەلێک جار دوژمنایەتی ناوەکی لێکەوتۆتەوە.) دەکرا من لەم دوورەوە تەنها تەماشاکەرێک بوومایە. بەڵام نەمتوانی ئەوەت پێنەڵێم، سەرۆک، کە دەکرێت تۆ لە تەرزی ئەو سەرۆکانە بیت کە بە ویستی خۆیان پێگەکەیان بە جێ دەهێڵن، لە جیاتی ئەوەی هەردەم لە چاوەڕوانی ئەوەدا بن ئاخۆ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەردەچنەوە یاخود نا، یان بەردەوام لە هەوڵی داڕشتنی پلاندا بن و خەریکی فرت و فێڵ بن بۆ ئەوەی درێژە بە ماوەی دەسەڵاتیان بدەن. سەرۆک، تۆ گەلێک بە ئاسانی دەکرێت خاوەن هەڵوێست بیت لە پرسی سەرۆکایەتیدا، خودی خۆت واز لەو پێگەیە بهێنیت، لە جیاتی ئەوەی لێپرسراوییەتی یەکلاکردنەوەی پرسەکە بدەیت بە پەرلەمان و چاوەڕێ بیت دانوستان و کۆبونەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی مانەوەت لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بدەن. لە هەر خێزانێکدا سەردەمێک دێتە بەرەوە کە تیایدا باوان دەبێت کەمێک ڕابکشێنە دواوە و دەرفەت بە منداڵەکانیان بدەن توانستی ڕابەری کردن و پشت بەستن بە خود گەشە پێ بدەن. منداڵەکان ڕەنگە چەند جارێک نووشست بهێنن، هەربۆیە باوان هێشتا لەوێن و دەستی هاوکاری و ڕێنمایی پێشکەش دەکەن. دواجاریش ڕۆژێک دێت کە هەر منداڵێک و بە ڕێگای خۆیدا دەڕوات و دەبێت بە باوان. ڕەوڕەوەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. دەکرێت ڕابەرایەتی کردنی گەلێکیش وەکو ڕابەرایەتی کردنی خێزانێک بچوێنرێت. باوان و سەرۆکەکان دێن و دەڕۆن و لە بیریش دەچنەوە، ئەوەی ئەبەدییە ئەندێشەی مرۆڤەکانە لەمەڕ پرسی ئازادی و هەوڵدانیانە بۆ هێنانە ئارای ژیانێکی شایستە.
من لە سۆنگەی بڕوابونم بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆت دەنووسم، سەرۆک. هەروەکو دراوسێ کەنەدییەکەم جارێکیان، لە کاتێکدا لە باڵکۆنییەکەم دانیشتبووین و چامان دەخواردەوە و باسی کێشەکانی کوردستان و ئێراقمان دەکرد، بە تەنزێکەوە لێمی پرسی، "باشە ئێوە قەت هەوڵی دانووستاندان داوە؟" بێگومان دانوستان بەو مانایە نا کە ئێمە هەر لەسەر قسەی خۆمان سووربین تاوەکو دەیانسەپێنین، بەڵکو بەوەی دەکرێت لە پێناوی پێکەوە ژیانمان سازشت لە هەندێک پێداگریمان بکەین. من گەلێک شتی دیکەم بۆ وتن پێیە سەرۆک، بەڵام لە کۆتاییدا و وەکو تاکێک کە سەر بە گەلێکە تۆ ساڵەهایە سەرۆکایەتی دەکەیت و ئێستەش هەر بەردەوامی، تەنها دەمەوێت ئەوەت پێ ڕا بگەیەنم کە هەندێکجار --لە ڕاستیدا زۆرجار-- وەها ڕێدەکەوێت شکۆمەندی لە پێداگیریدا نەبێت، لە توندی و خوێن گەرمیدا نەبێت، لە ئاڵۆزیدا نەبێت، بەڵکو لە سادەییدا بێت، لە سازشدا بێت، لە لێگەڕاندا بێت، لە وازهێناندا بێت.
سەلامەتیت،