14 June 2012

سەرمایەداری و چەپبوون


هەموو ڕەخنەگرتنێک لە باڵادەستی سیستەمی سەرمایەداری، بە دیوێکدا ڕەخنەگرتنە لە لاوازی کارابوونی چەپ. بیریارێکیش کە ئەم دوو ڕەخنەیە بەردەوام لە نوسینەکانیدا ئامادەیە، سلاڤۆی ژیژەکە. ژیژەک لە ڕەخنەکردنی سیستەمی سەرمایەداری باسی نەمانی بەها مرۆییەکان دەکات، باس لە خۆشگوزەرانی کەمینەیەک دەکات لەسەر هەژاری و نەخۆشکەوتنی زۆرینەیەک. ئەو هاوکێشە دژەی کە دەوڵەمەندترین کەس لە جیهان، بیل گەیتس، لە هەمان کاتدا خێرخوازترین کەسیشە. لە ڕاستیدا ژیژەک هەموو هەوڵە خێرخوازییەکانی خۆرئاوا بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار و ستەم دیدە، بە کارێکی ناچیزە دەخەمڵێنێت، بەوەی ئەو هەوڵانە نەک کێشەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو بەردەوامی بە کێشەکان دەدەن، لە کاتێکدا کەس و لایەنە خێرخوازییەکان وا هەست دەکەن بەشێکن لە ڕزگارکەرانی جیهان لە نەهامەتی.

 لەوانەیە ئەوانەمان کە لە ڕێکخراوە خێرخوازییە مرۆییەکان کارمان کردبێت باش بزانین چۆن هەزارەها دۆلار لە موچە و سەفەری بەڕێوەبەرە بیانییەکان خەرج دەکرێن و چۆنیش هەزارەها دۆلار لە پرۆژەی کورتخایەنی کەمسوود خەرج دەکرێن، لە کاتێکدا کێشەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.

 هەروەها ژیژەک تیشک دەخاتە سەر خۆنوێکردنەوەکانی سەرمایەداری و ئەوە دەردەخات کە پێشتر ئامانجێکی سەرمایەداری ئەوە بوو کە خەڵک کاڵا بکڕن، بەڵام لە ئێستادا ئەم ئامانجە گۆڕاوە و لەگەڵ کاڵادا سەرمایەداری دەیەوێت پێمان بڵێت: ئەزموونیش بکڕن. ئەمە بە ڕوونی دەردەکەوێت گەر سەیرێکی ریکڵامە بازرگانییەکان بکەین و ببینین لە ئێستادا زۆرێک لە ڕیکڵامی کاڵاکان باس لە باشی و هەرزانی کاڵاکان ناکەن، بەڵکو باس لەو ئەزموونە دەکەن کە بە کڕین یان هەبوونی کاڵاکە دەستەبەر دەبن. ئێمە لە ئێستادا فڵانە برنج و فڵانە چا دەکڕین بۆ ئەوەی لە خێزان و هاوڕێیانەوە نزیک بین، جلشۆرێکی دیاریکراو دەکڕین بۆ ئەوەی دڵی هاوسەرەکانمان بەدەست بێنین و هتد. هەر لێرەشەوە ڕەخنەی کلاسیکییانەی مارکس بەوەی سەرمایەداری دەبێتە هۆی نامۆکردنی بەرهەمهێنەری کاڵا بە بەرهەمەکەی، گۆڕانی بەسەردا دێت و دەبێت بە نامۆکردنی بەرهەمهێنەری کاڵا بە کۆمەڵێک ئەزموونی ژیان گەر ئەو کاڵایانەی نەبێت.

 لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ژیژەک بە وردی ئاگادارە ئەوە کاڵبوونەوەی کارابوونی دونیابینی چەپە کە هۆکارێکی ڕێخۆشکەرە بۆ سەروەربوونی سەرمایەداری. چەپبوون بەو مانایەی هەوڵدان بێت هەموان مافی یەکسانیان هەبێت، سیاسەت و فۆرمی کۆمەڵایەتی یەک ئایدۆلۆژیا و دونیابینی قۆرخی نەکات، دەوڵەت، نەک کۆمپانیاکان، دەسەڵاتی ئابووری بەدەستەوە بێت (دەوڵەتێک کە هەموان بەشداری سیاسەتەکانی بکەین).
لەوانەیە یەکێک لە ڕەخنە هەرە سەرەکییەکانی ژیژەک لە چەپەکان ناچالاک بوون و سست بوونیان بێت لە هەمبەر بەشدارییەکی چالاکانە لە سیاسەت و بەرخوردی ڕۆژانە. ئەو باس لە ترسی چەپەکان دەکات لە ئەزمە. بەڕای ئەو ترس لە ئەزمە وای لە چەپەکان کردووە ڕازیبن بە جێگای خۆیان لە ناو سیستەم  و تەنها وەک دەنگێکی ڕەخنەگر بمێننەوە. 

ژیژەک لە شوێنێکدا راستەوخۆ ڕەخنە لەو چەپانە دەگرێت کە لە جیاتی ئەوەی لە خۆیانەوە دەستبکەن بە بەشداری چالاکانە لە سیاسەتدا، بەردەوام چاوەڕێی بکەرێکی دەرەکین بێت و شۆڕش بەرپا بکات. ئەو ڕوودەکاتە ئەو کەسانە و دەڵێت "چاوەڕوانیکردنی ئەوەی کەسێک بێت و کارەکە بۆ ئێمە بکات ڕێگایەکە بۆ بە ئەقڵانیکردنی ناچالاکبوونمان." لێرەدا دەبێت ئاگامان لەوە بێت کە سەرەڕای ئەوەی ژیژەک داکۆکی لە "ئایدیای کۆمۆنیزم" دەکات، ئایدیایەک کە بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی کۆمەڵێک پرسی جیهانی هەن پەیوەندییان بە هەموو مرۆڤەکانەوە هەیە و هەربۆیەش بەشداری هەمەلایەنە لە چارەسەری ئەو پرسانەدا گرنگە، ئایدیایەک کە بەردەوام لە خۆنوێکردنەوەدایە، بەڵام ژیژەک بڕوای بەوە نیە شۆڕشێک و ئیتر کێشەکان چارەسەر دەبن، بەڵکو باس لە گرنگی کاریگەری ئەو گۆڕانکاریانە دەکات کە ڕوداوێکی سیاسی دوای تەواوبوونی ڕوداوەکە لەسەر ئاستی ڕۆژانە بەجێیان دێڵێت.

لێرەدا ئەگەر هەوڵێک بۆ بەستنەوەی ئەو لێکدانەوانەی ژیژەک بە کۆمەڵگای کوردییەوە بدەین توشی لێکچونی نزیک دەبن. 

لەوانەیە وەسفکرنی کۆمەڵگای کوردی بە کۆمەڵگایەکی بەرخۆر لەلایەن مەریوان وریا قانع زیاتر وێنەکە دەربخات. ئێمە ئێستا لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە خۆپڕکردن بە کاڵا یەکێکە لە ئامانجەکانی. پڕکردنی ماڵەکان بە ئامێر و شمەک، قەرەباڵغکردنی مەسافەی تاکەکەسیمان بە چەند مۆبایلێک، لاپتۆپ و بەم دواییانەش ئای پۆد و هتد. گەر هەمومان نا، ئەوە زۆربەمان دەمانەوێت سەیارە و عەرزەیەکمان هەبێت. ئیش بکەین بێ ماندووبوون و موچەیەکی زۆرمان هەبێت. بەرهەم و داهێنانیش ئەو دوو بابەتەن کە لەکاتی کارکردنمان دەگمەن بیرمان دەکەونەوە.

گەر ئەمانە دەرئانجامی کارتێکردنەکانی سەرمایەداری بن، ئەوە لایەنی ناچالاکبوونی چەپیش بە زەقی دیارە. لەمڕۆدا چەمکی چەپبوون نەک هەر دیار نییە، بەڵکو بەرەو لەبیرچونەوەش دەچێت. کێن ئەو پارتە سیاسانەی شوناسیان چەپبوونە؟ چەپبوون دژ وەستانەوەیە بەرامبەر دەسەڵاتێکی قۆرخکەر، چ سیاسی بێت، ئابووری، ئاینی، رەگەزی، یان هەر دەسەڵاتێکی تر و هەوڵدانە بۆ پێکهێنانی ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێن. من پێم سەیرە لە کوردستان پارتی سیاسی هەیە ناوی "حیزبی شیوعی"یە، لە کاتێکدا پایەیەکی شیوعیەت بوون چەپبوونە. ئەوانەی لە کوردستان خۆیان بە چەپ دەزانن یان بەهۆی ترسی ئاینی یان دەستەمۆی دەسەڵاتی سیاسی هیچ چالاکییەکی چەپانەیان نییە. یەکێتی و پارتی چەپ نین، هەندێک جار خۆشیان نازانن چین، ئەوان تەنها دو دەسەڵاتداری ناوچەکەن کە سیاسەتی نێونەتەوەیی ئاراستەیان دەکات. بزوتنەوەی گۆڕان چەپ نییە، ئەو مۆرکە ئاینییەی ڕێکخەری بزوتنەوەکە پیشانی دەدات لەو مۆرکە ئاینییە تۆخترە کە سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی دەری دەخەن. حیزبە بەناو چەپەکانیش هەر باس ناکرێن، ئەوان بەهۆی دابینکردنی موچەی مانگانەی ئەندامانیانەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە نەک هەر دەستیان بەستراوەتەوە، بەڵکو چاویلکەیەکی ڕەشی تۆخی دوا مۆدێلیشیان لە چاودایە کە ناتوانن خۆشیان ببینن. 

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ژیژەک بێهیوا نییە. ئەو هیوای بەو کەسانەیە کە لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبوونەتەوە و دەزانن کە ئەگەرەکانی ئێستا بەرەو کارەساتمان دەبەن، هەربۆیە ئامادەن هەموو ئەگەرێکی تر تاقی بکەنەوە، کەسانێک کە بێهیوان لە سیستەمی سەرمایەداری ئێستا و لە کۆمۆنیزمی سەدەی بیستەم، بەڵام ئامادەن "لە سەرەتاوە دەستپێبکەنەوە".

سەرچاوە: First as Tragedy, Then as Farce, Slavoj Zizek, Verso 2009

29 May 2012

سەرۆک لەنێوان دوو جەمەدانێدا



دەگێڕنەوە جارێکیان کابرایەک چوار کاسکێتی لەسەرکردبوو، ئەو جۆرە کڵاوەی کە تەنها بە یەک ئاراستە دەرچونێکی هەیە، کە لێیان پرسی بۆ چوار کاسکێتت لەسەر کردووە، کابرا لە وەڵامدا دەڵێت بۆ ئەوەی هەتاو لە دەموچاو و پشتی ملم و گوێیەکانم نەدات. کە پێی دەڵێن ئەی نەدەکرا لە جیاتی چوار کاسکێت تەنها یەک شەبقەت لەسەر کردایە و سێبەری تەواوی بۆ دابین بکردیتایە، کابرا بۆ ساتێک ڕادەمێنێت، پاشان هەر چوار کاسکێتەکە فڕێ دەدات و بڕیار دەدات چی دی بەهیچ شێوەیەک هیچ جۆرە کڵاوێک لەسەر نەکات. 

کاتێک ڕوفاتی ژمارەیەک لە قوربانیانی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە خاک سپێردران، شاشەکانی تەلەفزیۆن سەرۆکی هەرێمیان پیشاندا کە بەشداربوو لە مەراسیمەکە و لە دیمەنێکدا بەشداربوو لە هەڵگرتنی تابوتێک. لەو دیمەنەدا سەرۆک ئاسان نەدەناسرایەوە. ئەگەر کامێرەکان دەموچاویان نزیک نەکردایەتەوە ئەوە سەخت بوو بزانیت ئەو کەسە کێیە. لە نێوان دوو جەمەدانێدا سەرۆک دەموچاوێکی بچووک و نەناسراوی هەبوو. جەمەدانێیەک سوور و پێچراو بە سەریەوە، ئەوی دی ڕەنگ خەڵوزی کاڵ و بە ملیەوە. نەک هەر نەناسینەوەی، بەڵکو ئەو دوو جەمەدانێیە سیمایەکی ناجۆریشی بە شێوازی جلەکانی بەخشیبوو. 

ئێستا ئەگەر ئێمە ئەو بۆنەیە بە مەراسیمێکی نەتەوەیی بناسین، بەو شێوەیەی کە ئەنفال بناغەیەک بێت بۆ دانانی سیاسەتی نەتەوەیی و بەشێک بێت لە هۆشیاری نەتەوەییمان، ئەوە دەرکەوتنی سەرۆک بەو شێوەیە ئاماژەیە بۆ شەق بوونێک لە هەبوونی یەک شوناسی نەتەوەیی. لە کاتێکدا جەمەدانێ سوورەکە بەشێکە لە شوناسی کۆمەڵە کەسێک لە کوردستان، بە هەمان شێوەش جەمەدانێی خەڵووزی کاڵ (رەساسی) زیاتر بەشێکە لە شوناسی ئەو خەڵکانەی کە لە گەرمیان دەژین. بەڵام هیچ یەک لەوان نەبوون بە شوناسێکی سەرتاسەری بوونێک بە ناوی نەتەوەی کورد. ئەوەشی ئاماژەی شەق بوون لە جەمەدانییەکانی سەرۆک دەردەخات بەردەوام بەکارهێنانی تەنها یەکێکە لەو جەمەدانێیانە کە بەشێکە لە شوناسی گروپێک. هەرچەندە سەرۆک لە سەردانەکانیدا بۆ وڵاتانی دیکە، دەبێت بە بەشداربوویەکی گەمەی بەجیهانیبوون و چاکەت و پانتۆڵ لەبەر دەکات، بەڵام دەگمەنە لە ناوخۆی کوردستان بەبێ لەسەرکردنی جەمەدانێی سوور دەرکەوێت. 

ئێمە دەکرێت نەتەوەیەکمان هەبێت کە گروپە جیاوازەکانی شوناسی جیاوازیان هەبێت، خەسڵەت و هەڵسوکەوت و زمانی جیاوازیان هەبێت، بەس گونجاو نییە ڕابەرانی ئەو نەتەوە فرە شوناسە مەیلی تایبەتییان هەبێت بەرامبەر بە شوناسی گروپێک، تەنانەت ئەگەر ئەو مەیلە پەیوەندی بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگەوە هەبێت. 

لە کتێبی "بوونی نەتەوەیی کورد"، دکتۆر عیرفان مستەفا باس لەوە دەکات لە ڕابوردوو و ئێستا و داهاتوودا، نەتەوەی کورد بوونێکە نە قبووڵی ئەوە دەکات بوونێکی تر یان نەتەوەیەکی تر لە دەرەوەی خۆیەوە بێت و بەسەریدا زاڵ بێت، وە نە قبووڵی ئەوە دەکات لەناو خۆیدا یەک گروپ زاڵ ببێت و فەرمانڕەوایی سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی تر بکات. ئەو وانەیەی کە دەکرێت ڕابەرانی نەتەوەی کورد سوودی لێ ببینن ئەوەیە هەوڵی گشتاندنی شوناسی گروپێک نەدەن بەسەر گروپەکانی تردا. 

بڕیاری کابرای کاسکێت لەسەر بڕیارێکی ڕادیکاڵانەیە، بەو مانایەی کە لە بێئاگابوونێکی قووڵی خۆی بەئاگا هاتەوە، هەروەها درکی بەوەکرد کە ئەگەر یەک شەبقەش لەسەر بکات، ئەو کاتیش هەر کەسێک دەبێت پێی بڵێت، باشە تۆ ئەو شەبقە گەورەیەت بۆ لەسەر کردووە، بۆ یەک کاسکێتی سووکەڵانە لەسەر ناکەیت!