دەگێڕنەوە جارێکیان کابرایەک چوار کاسکێتی لەسەرکردبوو،
ئەو جۆرە کڵاوەی کە تەنها بە یەک ئاراستە دەرچونێکی هەیە، کە لێیان پرسی بۆ چوار
کاسکێتت لەسەر کردووە، کابرا لە وەڵامدا دەڵێت بۆ ئەوەی هەتاو لە دەموچاو و پشتی
ملم و گوێیەکانم نەدات. کە پێی دەڵێن ئەی نەدەکرا لە جیاتی چوار کاسکێت تەنها یەک
شەبقەت لەسەر کردایە و سێبەری تەواوی بۆ دابین بکردیتایە، کابرا بۆ ساتێک
ڕادەمێنێت، پاشان هەر چوار کاسکێتەکە فڕێ دەدات و بڕیار دەدات چی دی بەهیچ شێوەیەک
هیچ جۆرە کڵاوێک لەسەر نەکات.
کاتێک ڕوفاتی ژمارەیەک لە قوربانیانی ئەنفال لە چەمچەماڵ
بە خاک سپێردران، شاشەکانی تەلەفزیۆن سەرۆکی هەرێمیان پیشاندا کە بەشداربوو لە
مەراسیمەکە و لە دیمەنێکدا بەشداربوو لە هەڵگرتنی تابوتێک. لەو دیمەنەدا سەرۆک ئاسان
نەدەناسرایەوە. ئەگەر کامێرەکان دەموچاویان نزیک نەکردایەتەوە ئەوە سەخت بوو
بزانیت ئەو کەسە کێیە. لە نێوان دوو جەمەدانێدا سەرۆک دەموچاوێکی بچووک و
نەناسراوی هەبوو. جەمەدانێیەک سوور و پێچراو بە سەریەوە، ئەوی دی ڕەنگ خەڵوزی کاڵ
و بە ملیەوە. نەک هەر نەناسینەوەی، بەڵکو ئەو دوو جەمەدانێیە سیمایەکی ناجۆریشی بە
شێوازی جلەکانی بەخشیبوو.
ئێستا ئەگەر ئێمە ئەو بۆنەیە بە مەراسیمێکی نەتەوەیی
بناسین، بەو شێوەیەی کە ئەنفال بناغەیەک بێت بۆ دانانی سیاسەتی نەتەوەیی و بەشێک
بێت لە هۆشیاری نەتەوەییمان، ئەوە دەرکەوتنی سەرۆک بەو شێوەیە ئاماژەیە بۆ شەق
بوونێک لە هەبوونی یەک شوناسی نەتەوەیی. لە کاتێکدا جەمەدانێ سوورەکە بەشێکە لە
شوناسی کۆمەڵە کەسێک لە کوردستان، بە هەمان شێوەش جەمەدانێی خەڵووزی کاڵ (رەساسی)
زیاتر بەشێکە لە شوناسی ئەو خەڵکانەی کە لە گەرمیان دەژین. بەڵام هیچ یەک لەوان
نەبوون بە شوناسێکی سەرتاسەری بوونێک بە ناوی نەتەوەی کورد. ئەوەشی ئاماژەی شەق
بوون لە جەمەدانییەکانی سەرۆک دەردەخات بەردەوام بەکارهێنانی تەنها یەکێکە لەو
جەمەدانێیانە کە بەشێکە لە شوناسی گروپێک. هەرچەندە سەرۆک لە سەردانەکانیدا بۆ
وڵاتانی دیکە، دەبێت بە بەشداربوویەکی گەمەی بەجیهانیبوون و چاکەت و پانتۆڵ لەبەر
دەکات، بەڵام دەگمەنە لە ناوخۆی کوردستان بەبێ لەسەرکردنی جەمەدانێی سوور
دەرکەوێت.
ئێمە دەکرێت نەتەوەیەکمان هەبێت کە گروپە جیاوازەکانی
شوناسی جیاوازیان هەبێت، خەسڵەت و هەڵسوکەوت و زمانی جیاوازیان هەبێت، بەس گونجاو
نییە ڕابەرانی ئەو نەتەوە فرە شوناسە مەیلی تایبەتییان هەبێت بەرامبەر بە شوناسی
گروپێک، تەنانەت ئەگەر ئەو مەیلە پەیوەندی بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگەوە هەبێت.
لە کتێبی "بوونی نەتەوەیی کورد"، دکتۆر عیرفان
مستەفا باس لەوە دەکات لە ڕابوردوو و ئێستا و داهاتوودا، نەتەوەی کورد بوونێکە نە
قبووڵی ئەوە دەکات بوونێکی تر یان نەتەوەیەکی تر لە دەرەوەی خۆیەوە بێت و بەسەریدا
زاڵ بێت، وە نە قبووڵی ئەوە دەکات لەناو خۆیدا یەک گروپ زاڵ ببێت و فەرمانڕەوایی
سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی تر بکات. ئەو وانەیەی کە دەکرێت ڕابەرانی نەتەوەی کورد
سوودی لێ ببینن ئەوەیە هەوڵی گشتاندنی شوناسی گروپێک نەدەن بەسەر گروپەکانی تردا.
بڕیاری کابرای کاسکێت لەسەر بڕیارێکی ڕادیکاڵانەیە، بەو
مانایەی کە لە بێئاگابوونێکی قووڵی خۆی بەئاگا هاتەوە، هەروەها درکی بەوەکرد کە
ئەگەر یەک شەبقەش لەسەر بکات، ئەو کاتیش هەر کەسێک دەبێت پێی بڵێت، باشە تۆ ئەو
شەبقە گەورەیەت بۆ لەسەر کردووە، بۆ یەک کاسکێتی سووکەڵانە لەسەر ناکەیت!
This comment has been removed by a blog administrator.
ReplyDeleteThis comment has been removed by a blog administrator.
ReplyDelete