سەرۆك "رێز و حورمەتی" هەیە
رێزگرتن و سیاسەت
رێزگرتن و سیاسەت پەیوەندییەکی گرنگیان هەیە. ئەم پەیوەندییە زادەی پەیوەندییەکی قووڵترە کە لە نێوان ئەخلاق و سیاسەتدا هەیە. ئایزیا بەرلین یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی بە روونی دەڵێت کەوا سیاسەت کارێکی ئەخلاقییە. بەرلین کە باس لە چەمکی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی ئازادی دەکات، لە شوێنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەت شتێکی ئەخلاقیە. مەبەستی سەرەکی بەرلین لەمە، گرێدانەوەی پرسێکی گرنگی وەک ئازادییە بە ئەخلاقەوە، بۆ ئەوەی شێوەکانی پیادەکردنی ئازادی بەدەر نەبن لە هەڵگرتنی لێپرسراویەتی، لێپرسراویەتی تاك بەرامبەر بە تاك خۆی و بەرامبەر بە کەسانی دەوروبەریشی.
گرنگی رێزگرتنیش لە ژیاندا لای کانت، مەکانەتی یەکێك لە ئەرکە ئەخلاقییەکانی پێدەبەخشرێت. کانت وا دەڕوانێتە رێزگرتن وەك ئەوەی تەحقیق کردنی خود بێت. لای کانت، ئەوەی وا لە کەسێك دەکات هەست بە گرنگی بوونی خۆی بکات، رێزگرتنیەتی. رێزگرتنێك کە خۆی ئامانجێك بیێت لە خودی خۆیدا وەسیلەیەك نەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی تر. وە لەبەر ئەوەش کە رێزگرتن جۆرە پەیوەندی و گۆڕینەوەیەکە لە نێوان دوو کەس یان زیاتر، لێرەوە رێزگرتن دەبێت یەکێك بێت لەو پایانەی ژیان و کۆمەڵگای لەسەر دابمەزرێت.
دوای ئەو ناڕەزاییە بەرچاوەی زۆربەی شار و شارۆچکەکان دژ بە تێپەڕاندنی یاسای خۆپیشاندان بەخۆیەوە بینی، دواترین روونکردنەوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە بڕگەیەکی هەستیار لەخۆ دەگرێت دەربارەی رێزگرتن. بڕگەیەك کە ئەگەر بێ لێوردبوونەوە و لێکدانەوە تێبپەڕێنرێت، وەك شتێکی ئاسایی دێتە بەرچاو. روونکردنەوەکەی سەرۆك لەسەر یاسای خۆپیشاندان و ئەو خۆپیشاندانانەیە کە دژ بە واژۆ کردنی یاساکە رێکخران. لە روونکردنەوەکەدا هاتووە کەوا دوای ئەوەی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان "لە نێو هۆڵی پەرلەمان گفتووگۆی تێر و تەسەلی لەبارەوە کرا و بە زۆرینەی دەنگیش پەسەند کرا، کە لە لایەن ئێمەشەوە دەرکرا لەبەر ئەوەیە کە ئێمە (سەرۆك) رێز و حورمەتی زۆرینەمان گرتووە." لێرەدا سەرۆك دەیەوێت دوو مەبەست بپێکێت: یەکەم، دەرکردنی یاساکە لە لایەن سەرۆکەوە کارێکی رەوا و عادیلانە بووە چونکە "رێز و حورمەتی" زۆرینە گیراوە، دووەم، ئەگەر یاساکەش ناتەواوییەکی تێدابێت، ئەوکات ئەوە پەرلەمانە کە لێپرسراویەتییەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ چونکە یاساکە لە پەرلەمان "گفتوگۆی تێر و تەسەلی لەبارەوە کرا و بە زۆرینەی دەنگیش پەسەند کرا".
هەوڵدانی سەرۆك بۆ پێکانی ئەو دوو خاڵە جگە لە پاساوێك و خۆ پەڕاندنەوەیەك هیچی دیکە نیە. خۆپیشاندانەکان کە ناڕەزایەتی کۆمەڵە خەڵکێكی تینووی ئازادی بوون، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رەخنەیان لە قبوڵکردنی سەرۆك بۆ یاساکە دەگرت. هەر بۆ نمونە یەکێك لە درووشمەکانی خۆپیشاندانەکەی شاری سلێمانی بریتی بوو لە: "بۆ واژۆی ئەم بڕیارە، سەر شۆڕ ناکا ئەم شارە." هۆکاری سەرەکی قورسایی خستنە سەر واژۆکرنەکەی سەرۆکیش ئەوەیە کە یاساکە، ئەگەر تاوەکو لە پەرلەماندا بووایە شتێکی نا موملیس بووایە، بە واژۆکەی سەرۆك یاساکە بوو بە شتێکی موملیس، واتە بڕیارێك کە بە فیعلی کاریگەری لەسەر رێکخستنی کاروبارەکان هەبێت.
زۆرینە و رەوایەتی
سەرۆك ئاشکرا دان دەنێت بەوەی کە دەرکردنی یاساکە لەلایەن جەنابیانەوە لەبەر "رێز و حورمەتی" زۆرینە بووە. ئەوەی کە نابێت بە هەڵەدا بمانبات ئەوەیە کە سەیرکردنی سەرۆك بۆ رێزگرتن سەیرکردنێکی ئاینیانە و موحافیزکارانەیە. سەرۆك رێزگرتنی زۆرینە بە کارێکی رەوا دەزانێت چونکە لە دیدگایەکی ئاینییەوە زۆرینە بەردەوام لەسەر هەقە. ئەم دیدگایە لەژێر کاریگەری ئاین، بە شێوەیەك لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا رەگی داکوتاوە کە رستەی "الحشر مع الناس عيد" پڕاوپڕ دەرخەری ئەو رەگ داکوتانەیە. لە دیدگای ئایندا، رێزگرتنی زۆرینە و موقەدەساتەکان پێشینەیەکی رەخنە لێنەگیراوە. ئێمە دەبێت بێ چەند و چون ئەو رێنماییانەی لەسەرچاوە موقەدەساتەکانەوە دێن قبووڵیان بکەین و رێزیان بگرین. رێزگرتن لێرەدا زۆر نزیکە لە ملکەچ بوونەوە، بە مانایەك، ئێمە دەبێت رێز و ملکەچی رێنمایی و کەسە پیرۆزەکان بین، ئەگەر نا، بە سزای خۆمان دەگەین. دوای بڵاو بونەوە و جێگیر بوونی ئەم دیدگا ئاینییەش، ئەو زۆرینەیەی ئەم دیدگایە هەڵدەگرن، خۆیان بە سەرچاوەی شەریعەتەکان دەزانن. لێرەوەیە گرفتی ئەو ژمارە زۆرەی دەسەڵاتە خۆرهەڵاتییەکان دەردەکەوێت. گرفتێك کە بەردەوام وای نیشان دەدەن ئەوان زۆرینەیان لە گەڵدایە، لەبەر ئەوەش کە زۆرینە بەردەوام لەسەر هەقە و پێداویستی و حەزەکانی زۆرینە پێداویستی و حەزەکانی هەموانن، کەواتە دەسەڵات بەردەوام لەسەر هەقە و ئەو چارەسەری حەکیمانیە هەموو دەردەکانی لایە. لەوانەیە دووبارە و سێبارە هەڵبژاردنەوەکانی سەرۆکەکانی دەسەڵاتە خۆرهەڵاتییەکان، کە هەندێك جار تاوەکو مردنی ئیلاهی چەند بارە دەبنەوە، دەرخەرێکی باشی ئەو ویستە بێت کە دەسەڵاتدارەکان زۆرینە لەگەڵ خۆیان دادەنێن. هەموومان شایەتی ئەو هەڵبژاردنە ساختانەین کە سەرۆکەکان بە تێکڕای دەنگ، لەسەدا نەوەدی دەنگەکان، یان بە چەپڵە رێزان هەڵدەبژێردرێنەوە. هەڵبژاردنەوەی سەرۆكیش لە حیزبەکەیدا بە چەپڵە رێزان دواترین نموونە نابێت.
سەرۆک لە دانپیادانانی بە رێزگرتنی زۆرینە، ئەوە لەیاد دەکات کە بەشێک هەن لە پەرلەماندا کە ناودەبرێن بە کەمینە یان ئۆپۆزسیۆن. پێدەچێت ئەمە لەیاد کردن نەبێت ئەوەندەی پشتگوێخستنێکی بەمەبەست بێت. ئەو ئەوە پشتگوێ دەخات کە دەبێت سەرۆکی "هەموان" بێت نەک تەنها هی "زۆرینەیەک"، جێبەجێکردنی داواکاری زۆرینە پەراوێزخستنی کەمینە نەبێت.
کە سەرۆك "رێز و حورمەتی" زۆرینەی پەرلەمان دەگرێت، وای دەبێنێت کە زۆرینە بەردەوام دەبێت لەسەر هەق بن، بۆیەش پێشنیارەکانیان دەبێت رێزیان لێبگیریت و قبووڵ بکرێن. ئەوەی نابیندرێت هەڵوێستە کردنی سەرۆکە لەسەر خودی یاساکە. ئەو دێت یاسایەك دەردەکات لەسەر ئەو بنەمایەی کە زۆرینە رەواییان لەگەڵدایە، نەك لەسەر بنەمای خوێندنەوە و هەڵوێستە کردن لەسەر یاساکە خۆی. من گومانم هەیە سەرۆك یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانی خوێندبێتەوە، ئەگەر خوێندبێشییەتەوە، گومانم هەیە سەرۆك وەك چۆن "رێز و حورمەتی" زۆرینە دەگرێت، رێزی ئازادی بگرێت. ئەگەر سەرۆك حیسابێکی گرنگیش بۆ ئازادی ناکات، ئەوە ئەرکە لە سەری کە رێزی ئەو مێژووە بگرێت کە ئەم گەلە هەیەتی لە خەبات کردن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی.
پەرلەمان و سەرۆك و لێپرسراویەتی
ئەگەر پەرلەمان ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەیان تێدا نەبووایە، ئەوە ئەوکات دەستەواژەی "پەرلەمانی کارتۆنی" کە بۆ پەرلەمانی پێشوو بەکار دەهێنرا، دروستیش بوو بۆ پەرلەمانی ئێستا بەکار بهێندرێت. بەڵام پەرلەمانی ئێستاش بەدەر نییە لەو "پەرلەمانتارە کارتۆنیانەی" بە فرمان و ویستی مەکتەب سیاسییەکان دەجوڵێنەوە. ئەگەر لۆژیکێکی سادە بەکار بهێنین، دەتوانین بڵێین: لەبەر ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان کە سەر بە دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەن دەنگیان بۆ پەسەند کردنی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان داوە، لەبەر ئەوەش کە دەسەڵات هەردەم لە هەوڵی مسۆگەرکردنی مانەوەی خۆی و خەفە کردنی دەنگە ناڕازییەکاندایە، لێرەوە دەگەین بەو گریمانەیەی کە زۆرینەی پەرلەمانتاران بەپێی داواکاری حیزبەکانیان دەنگیان بۆ پەسەند کردنی یاساکە داوە. ئەوەش کە وا دەکات ئەو پەرلەمانتارانە کارتۆنی بن، ئەوەیە کە جەوهەری کارەکەیان وەک نوێنەر و خەمخۆری هاوڵاتیان، لەدەست داوە. لێرەشەوە خۆیان لە بەرپرسیاریەتی داکۆکیکردن لە ماف و ئەرکی هاوڵاتیان دزیوەتەوە.
دیوێکی تری کارەساتەکە ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێمیش دەیەوێت خۆت لە بەرپرسیارییەتی بشارێتەوە. ئەو کە دەڵێت یاساکە "لە نێو هۆڵی پەرلەمان گفتووگۆی تێر و تەسەلی لەبارەوە کرا و بە زۆرینەی دەنگیش پەسەند کرا" بە دیوێکی تردا دەیەوێت بڵێت بڕۆن یەخەی پەرلەمان بگرن، ئەگەر یاساکە ناتەواوییەکی تێدایە خەتاکە خەتای پەرلەمانە، وە لەبەر ئەوەش کە پەرلەمان نوێنەری گەلە، یاسایەك کە زۆرینەی پەرلەمان پەسەندی بکات کەواتە دەبێت لە خزمەتی گەلدا بێت. پێدەچێت ئەوەی سەرۆك بیری لێنەکردبێتەوە ئەو دەسەڵاتی زۆرە بێت کە هەیەتی و ئەو پەندە کۆنە بێت کە دەڵێت تاوەکو دەسەڵات زۆر بوو بەرپرسیاریەتیش زۆر دەبێت.
سەرۆك لێرەدا هەمان شت دووبارە دەکاتەوە کە دەیان جار هەموومان بیستوومانە، ئەوەی کە دەسەڵاتە نابەرپرسیارەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن بەرپرسیاریەتی کار و کردەوەکانیان نەگرنە ئەستۆ. ئاخر ئەوە بە ناو سیاسەت مەدارەکانی یەکێتی و پارتی نەبوون کە پاساویان بۆ شەڕی ناوخۆ ئەوە بوو کە شەڕ ناوخۆ ئەزموونێکە زۆربەی گەلانی دنیا بینیویانە و پێیدا رۆشتوون؟ یان ئەوەی کە بەرپرسانی حکومە دەیڵێن، کە گوایە گەندەڵی کەم تا زۆر لە هەموو حکومەتەکانی جیهاندا هەیە؟ لە نوێترین سیناریۆشدا سەرۆك دەیەوێت پێمان بڵێت ئەگەر هەر یاسایەك لە پەرلەمانەوە ئاراستەی کرا و یاساکە ناتەواوییەکی تێدا بوو، تەنانەت ئەگەر سەرۆکیش یاساکەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە دەبێت لۆمەی پەرلەمان بکرێت و سەرۆكە کوردییەکەی خۆمان، بە کوردییەکەی خۆمان، وەك بەرزەکی بانان بۆی دەرچێت.
سەرۆك کاتێك قسە دەکات، بەیاننامە دەردەکات، یان یاسایەك واژۆ دەکات، دەبێت بیر لە گرنگی رێزگرتن بکاتەوە. سەرۆك دەبێت ئاگای لە قورسایی و کاریگەری وتە و یاساکانی هەبێت لەسەر کەسەکان. پێشنیارەکان باش هەڵسەنگێنێت و بڕیارەکان حەکیمانە دەربکات. بە مانایەکی دیکە، سەرۆك دەبێت رێزی ئەو کەسانە بگرێت کە دەکەونە بەر کاریگەری وتە و کردارەکانیەوە. رێزگرتنێك کە لەسەر بنامای تێگەیشتن بونیاد نرابێت، نەك لەسەر بنەمای دۆگمایەکی ئاینی.
نووسینی: دیلان حسێن
24/12/2010
سەرچاوەکان:
- Two Concepts of Liberty, Isaiah Berlin, 1959
No comments:
Post a Comment