15 June 2014

ئاوابونی سەردەمی پێشمەرگە


لەگەڵ هەر لەرزینێکی دۆخی ئاسایشی ئەو هەرێمە، کائینێک خۆی بەیاندەکاتەوە کە هەڵگڕی پاشخانێکی ئەفسانەییە. پێشمەرگە ئەو کائینەیە کە وابەستەیە بە شکۆمەندی ئەو هەرێمەی تیایدا دەژین. ئه‌و دەستەبەرکەری ئازادیمان بوو. بەرگریکاری حورمەتمان بوو. زۆرێک لەو ئەدەبیاتەی لەسەر پێشمەرگە نوسراوه‌ کورت ده‌بێته‌وه‌ بۆ ئەو پێناسەیەی کە پێشمەرگە بونەوەرێکە ئامادەی قوربانیدانە بە ژیانی خۆی لە پێناو ژیانێکی سەرفراز و خاکێکی سەربەخۆ. پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە تا چەندێک ئەو پێناسەیە بۆ ئێستا دەستدەدات. لە ئێستادا، ئەو بوونەوەرە چییە ناوی پێشمەرگەیە و وەک بکەرێک چ ڕۆڵێکی هەیە؟

پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، من گومانم هەیە پرسیارەکە لە سەرەتاوە درووست بێت چونکە من پێموایە چیدیکە بکەرێک نییە ناوی پێشمەرگە بێت و هەڵگری سیفاتی مێژوویی ئەو رۆڵە بێت. لە پێدراوەکانی پێشمەرگایەتی: یه‌كه‌م، شەڕکردن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی لە ستەمکاری دەرەکی، دووه‌م، چەک هەڵگرتن بەبێ ئامادەیی وەرگرتنی پاداشت. هەردوو ئەم پێدراوانە لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بوونیان نەماوە. دروستە، ئەو هەرێمە پێویستی بە هێزێکە لە دەسترێژی دەرەکی بیپارێزێت، بەڵام ئەمە ڕۆڵێکی جیاوازە. درێژكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی پێشه‌رگه‌ له‌ پێش ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌ربه‌خۆیی بوه‌ بۆ پاش ڕاپه‌ڕین كه‌ پاراستنی سه‌ربه‌خۆییه‌ پێدانی كارێكی نابه‌جێیه‌ به‌و كائینه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌. پێشمەرگە بوونەوەرێکی پێش-ڕاپەڕینە.

پێدراوی دووەمیش چیدیکە دروست نیە. ئەوەی لە ئێستادا پێشمەرگەی پێدەوترێت هێزێکە کە یەکێک لەو پایانەی ڕایگرتووە دابینکردنی موچەیه‌.

لەوەیە ئاسایی دەرکەوێت کە هێزی پێشمەرگە شایەنی خزمەتکردن و موچەیەکی حورمەتانە بێت. ئیشکال لێرەدا ئەوەیە هەر دەزگایەکی ڕێکخراو کە لە بەرامبەر خزمەتگوزاریەکانی پارە وەردەگرێت، کارمەندەکانی ئەو دەزگایە لێپرسراویەتییەکی چاوەڕوانلێکراویان دەبێت، واتە کارەکەیان دەبێت بە ئەرک. ئەو کارەی دەیکەن لەبەرامبەریدا پاداشت وەردەگرن. ئەوەی دەیکەن چاکە نییە. لێرەوە، ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەرگری لەو هەرێمە بکات، ئەوە ئەرکییەتی و نابێت بە چاکە بشکێندرێتەوە.

دوا خاڵ کە وێنەی ئەفسانەیی پێشمەرگە تێکدەدات کۆنتڕۆڵکردنی هێزی پێشمەرگەیە لەلایەن حیزبی سیاسیەوە. هەموومان بینیمان چۆن لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی سەرای ئازادی ئەو هێزە بەکارهات بۆ مەرامی سیاسی. من ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانه‌وه‌ی له‌و شێوه‌ به‌ قابیلی ڕوودان ده‌زانم چونكه‌ تا ئێستا ئه‌و هێزانه‌ له‌ ژێر ئاراسته‌كردنی پاوانخوازی حیزبی سیاسیدان. پێشمه‌رگه‌ له‌دایبكووی ویستی حیزبه‌ سیاسیه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستانه‌ بۆ‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان‌. له‌ ئێستادا كه‌ دی فاكتۆ هه‌رێمێكی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌، چیدیكه‌ پێویست به‌و كائینه‌ گه‌ریلاییه‌ نه‌ماوه‌. ئه‌و كائینه‌ ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی سوپایه‌كدا ڕێكبخرێت كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆلێكتیڤی هه‌رێمه‌كه‌ ئاراسته‌ی بكات. هه‌ر به‌كارهێنانێكی تایبه‌تی ناوی پێشمه‌رگه‌، لێدانه‌ له‌ ڕۆڵی مێژوویی ئه‌و كائینه.‌

له‌ هاوكێشه‌ی نیشتیمانی ئه‌و هه‌رێمه‌دا، سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تی، سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ و گه‌ریلایی كۆتایی هاتووه‌. من ئیشكالێكی ئه‌وتۆ له‌وه‌دا نابینم ناوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بگۆڕدرێت به‌ سوپا. مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ناو گۆڕینێكی ساده‌ نییه‌، به‌ڵكو دانپیانانه‌ به‌و گۆڕانه‌ی له‌ قۆناغی مێژووییدا هاتۆته‌ ئاراوه‌، درك كردنه‌ به‌ گرنگی جیاكردنه‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌كان و ڕۆڵی بكه‌ره‌كان. دروستکردنی نەتەوە ئەوەندەی پێویستی بە تێڕامانی پراکتیکی هەیە ئەوەندە پێویستی بە عاتیفەی کاتیی نییە.  


ناوی پێشمه‌رگه‌ تا ئه‌و كاته‌ ئەفسانەیی بوو كه‌ ئاگامه‌ندییه‌كی ئاراسته‌كراو به‌ره‌و‌ ئازادی پێشڕه‌وایه‌تی ده‌كرد، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ تا هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌ستكه‌لای لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بێت و یاریكه‌رێكی گه‌مه‌ جیۆپۆله‌تیكه‌كانی ناوچه‌كه‌ بێت. ناوی پێشمەرگە دەبێت لە داهاتوودا بمێنێتەوە، لە مێژوودا. جلکی پێشمەرگە دەبێت وەک سیمبولێكی نیشتیمانی لە مۆزەخانە دابنرێت.

No comments:

Post a Comment