من و هاوكارانم له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان ئه‌وپه‌ڕی سه‌رسامی خۆمان به‌رامبه‌ر به‌و كاردانه‌وه‌یه ده‌رده‌بڕین كه له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابوردوودا له ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و كه‌سانی ئه‌هلی كتێبه‌وه بینیمان. هه‌مووان پێویسته بزانن كه وه‌زیر و داروده‌سته‌كه‌ی و له سه‌رووشیانه‌وه حكومه‌ت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو پرۆژه و چالاكیانه‌ی پێیه‌وه سه‌رقاڵن، كاتی خۆیان سپاردووه به پێداچوونه‌وه به لاپه‌ڕه‌كانی په‌رله‌ماندا و بڕیارێكیان ده‌ركردووه. ئێمه شه‌ونوخونیمان كێشاوه!
زۆرمان به لاوه سه‌یره له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا كه‌سانێك هه‌بن له گرنگی سانسۆری چاپه‌مه‌نی تێناگه‌ن. هه‌موومان ده‌زانین زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته دیاره‌كانی مێژوو ئه‌ركی سانسۆركردنیان له ئه‌ستۆ گرتووه، به ئێستاشه‌وه، هه‌ر بۆ نمونه ئه‌زموونی شكۆمه‌ندی وڵاتێكی وه‌كو چین. سانسۆر ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌ییه. ئێمه له سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به لێپرسراویه‌تییه‌وه بڕیارمان داوه. ئێمه نه‌مانهێشتووه نه قه‌یرانی گه‌نده‌ڵی كاربه‌ده‌ستان، نه ماڵوێرانی حیزبه كوردییه‌كان، نه نه‌بوونی دونیابینی حوكمڕانییه‌ت له كوردستان ببنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانمان.
له هه‌موو سه‌یرترین … ئه‌وه‌یه هه‌ندێك كه‌س ڕه‌خنه ئه‌وه‌یان لێگرتووین بڕیاره‌كه‌مان به ڕونووسێكی هه‌ڵه، نوسراوه. ئه‌م ساده‌كردنه‌وه‌یه شایه‌ن به كه‌سانی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست نییه، چونكه ئێمه باسی ''به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتیمانی'' و ''به‌ها پیرۆزه‌كان'' و ''شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی'' ده‌كه‌ین و ئه‌وانیش ئه‌ڵێن هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی! ئه‌مه وه‌كو ئه‌وه وایه حوكمڕانانی دڵسۆز بیانه‌وێت حكومڕانییه‌تێكی جوانی بنه‌ماڵه‌یی بچه‌سپێنن و كه‌سانێك بڵێن ئه‌ی چی ده‌رباره‌ی ئازادی و دیموكراسی!
برای به‌ڕێزم، ئاخر گونجاونییه له‌به‌ر خاتری ڕووخسار و ڕواڵه‌ت له ناوه‌ڕكی بڕیارێك كه‌م بكه‌یته‌وه. (تكایه تێبینییه‌كی كورت: كاتێك ده‌ڵێین برای به‌ڕێزم، مه‌بستمان ئه‌وه نییه ڕووی قسه‌كانمان له خانمانیش نه‌كه‌ین، به‌س ئیتر نامانه‌وێت به‌هۆی به‌كارهێنانی زاراوه‌ی نوێوه شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ها پیرۆزه‌كان بشێوێنین. كاری ئێمه پاراستی عادات و ته‌قالیده. هه‌ر بۆ نمونه، ئێمه به‌لامانه‌وه شیاوه بوترێت عادات و ته‌قالید، نه‌ك دابونه‌ریت، هه‌ربۆیه هه‌ر كه‌سێك له كتێبێكدا بنووسێت دابونه‌ریت، یان خوشكان و برایان، دژی ده‌وه‌ستینه‌وه و ژماره‌ی سپاردن ناده‌ین به كتێبه‌كه.)
به‌س ئازیزان با له كرۆكی باسه‌كه دوور نه‌كه‌وینه‌وه. هه‌ندێك خه‌ڵك ئێمه به خوداوه‌نده‌كانی یۆنانی كۆن ده‌چوێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی قسه‌ی زارمان شتێك بێت و ڕاز و نیازی دڵمان شتێكی تر. دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه وا نییه. ئێمه خه‌می نووسه‌ران و خوێنه‌ران و كۆمه‌ڵگه‌مانه. له ئێستادا هێنده‌ی ژماره‌ی تووكی سه‌ر كتێب بڵاوده‌بێته‌وه، كه‌سیش نازانێت ئه‌و كتێبانه‌ی باسی چی ده‌كه‌ن. ده‌بێت ئه‌وه بڵێین وه‌زاره‌ته‌كه‌مان پڕیه‌تی له خوێنه‌ری جدی، به‌س له‌م بێسه‌روبه‌رییه‌دا كه‌س فریای ئه‌وه ناكه‌وێت چاره‌كێكی كتێبه بڵاوكراوه‌كان بخوێنێته‌وه.
له ڕێگه‌ی كتێبه‌وه ده‌كرێت دونیایه‌ك بانگه‌شه و پڕوپاگه‌نده‌ی بێ ئه‌سڵ و ئه‌ساس بڵاوبكرێته‌وه. ئێمه ده‌مانه‌وێت بێین و ته‌نها ڕێگه به‌و پڕوپاگه‌ندانه بده‌ین كه گونجاون. هه‌موو حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو پێویستی به پڕوپاگه‌نده هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌ده‌ست بهێنێت، سانسۆریش هێجگار گرنگه بۆ پڕوپاگه‌نده. ئه‌مه قسه‌ی ئێمه نییه و قسه‌ی نووسه‌ری ئه‌مریكی واڵته‌ر لیپمان-ه كه له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا <<ڕای گشتی>> وای وتووه. ئه‌و فه‌رموویه‌تی: ''مه‌حاڵه پڕوپاگه‌نده به‌ته‌واوی و به ڕاستی بوونی هه‌بێت به‌بێ هه‌بوونی فۆڕمێك له سانسۆر. ده‌بێت له نێوان خه‌ڵكی و هه‌ر ڕووداوێكدا به‌ربه‌ست دابنرێت و به‌مشێوه‌یه پڕوپاگه‌نده مه‌یسه‌ر ده‌بێت.'' ئێمه ئه‌و ئه‌ركه‌مان خستۆته ئه‌ستۆی خۆمان، له به‌رامبه‌ریشدا نه داوای زیادكردنی مووچه‌مان ده‌كه‌ین نه به‌رزكردنه‌وه‌ی پۆستمان، ته‌نها قیچێك ته‌قدیرمان كافییه.
كه‌سانی ئه‌هلی كتێبه ده‌بێت سوپاسگوزارمان بن به‌وه‌ی ده‌ست وه‌رناده‌ینه نێو ئه‌و په‌یوه‌ندییه زاره‌كی و شلۆقه‌ی له نێو وه‌رگێڕ و نووسه‌ر له‌لایه‌ك و ده‌زگا و خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه و چاپكردن له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌یه. ئێمه ده‌زانین ده‌زگا هه‌یه به هه‌زاران نوسخه كتێب چاپده‌كات و كه‌چی له‌سه‌ر كتێبه چاپكراوه‌كه تیراژی ٥٠٠ داده‌نێت، به‌مه‌ش مافی وه‌رگێڕ یان نووسه‌ر هه‌ڵده‌لووشێت. ئێمه ته‌داخولی ئه‌و بابه‌ته ناكه‌ین چونكه بڕوامان به بازاڕی ئازاد هه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌زانین ده‌زگا و خانه هه‌ن كتێب چاپده‌كه‌ن و دواتر خۆیان له گێلی ده‌ده‌ن به‌وه‌ی چه‌ندێك له كتێبه‌كان فرۆشراون، به‌وه‌ش هه‌قده‌ستی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و دیزاینه‌ر ناده‌ن. ئێمه هه‌مدیسان ده‌ست بۆ ئه‌و بابه‌ته نابه‌ین چونكه به پشتبه‌ستن به تیۆری په‌ره‌سه‌ندنی داروین بڕوامان به گه‌شه‌سه‌ندنی خۆییانه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌یه.
له كۆتاییدا، دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه ئێمه ویژدانمان مردووه … (ببوورن ئه‌وه هه‌ڵه‌ی چاپه) ویژدانمان زیندووه و ڕۆحی كتێبیش ئارامه. ئارامتر له گۆڕ.
خزمه‌تچیتان
كارمه‌ندێكی وه‌همی وه‌زاره‌ت
هه‌روه‌ها چایچی له مه‌كته‌بی سیاسی (یان هه‌ر ناوێكی تر)
No comments:
Post a Comment